میان عاشق و معشوق هیچ حائل نیست
تو خود حجاب خودی حافظ از میان برخیز
بە خود آ...
تاسەی دڵدار
دڵاوێزترین سەفەر، سەفەری مرۆڤە بۆ ناوەوەی خۆی؛ ئەگەر بەربەست هەبێ لەناو دڵتدا ئەی لەکوێ خوای گەورە گووڵی تێدا بڕوێنێ!
عیرفان نە کۆتایی ژیانە و نە دابڕان، نە قڕبوونە و نە ونبوون، بەڵکوو دەسپێک و وێناکردن و گۆڕینی شوێنی نیشتەجێ بوونە بە زێد و نیشتمانێکی ڕەسەن، دژی ئەو واتە: کەوتنە ژێر ڕکێفی چەپڵی دووژمنی ناکۆتامان...
حاشا لەوەناکرێ کە عیرفان لە تێڕوانینی شیعە و سووننە و مەسیحی و... جیاوازی هەیە. عیرفان ڕێگە و ژیانی خۆی هەیە پێچەوانەی بیر و هزرەکانی تر دەبێ ئەزموون بکرێ و بابەتێکی کردەییە. سێ ڕێگەی سەرەکی هەن بۆ پێناسەکردنی ڕاستی ڕەها،: ئاین، فەلسەفە، عیرفان. ئیمامی غەززالی ڕەحمەتی خوای لێبێت دوای ئەزموونکردنی ژیان و زانستی ناو بازنەی فەلسەفە، ڕووی کردە تەسەووف، دواجار ڕێچکەی عیرفانی گرتە پێش و دوای وچانێک لەسەر سەکۆی عیرفانی نەزەری، لەناو بازنەی عیرفانی مەعنەوی گیرسایەوە و ڕێبازی حەقیقەتی دۆزییەوە. ئەیبن و عەرەبی دەڵێت: عاریفی خۆنەویست ئەهلی دڵ، شەو و ڕۆژ لە حاڵی گوێ گرتنە، واتە: بیستنی وشەکانی خوا...!
مەولانای ڕۆمی لە مەسنەوی خاڵێکی جەوهەری ئەوین دەخاتەڕوو و دەڵێت:
آن یکی آمد در یاری بزد
گفت یارش کیستی ای معتمد
گفت من، گفتش برو هنگام نیست
بر چنین خوانی مقام خام نیست
خام را جز آتش هجر و فراق
کی پزد کی وا رهاند از نفاق
رفت آن مسکین و سالی در سفر
در فراق دوست سوزید از شرر
پخته گشت آن سوخته پس باز گشت
باز گرد خانهٔ همباز گشت
حلقه زد بر در به صد ترس و ادب
تا بنجهد بیادب لفظی ز لب
بانگ زد یارش که بر در کیست آن
گفت بر در هم توی ای دلستان
گفت اکنون چون منی ای من در آ
نیست گنجایی دو من را در سرا
مەولانای ڕۆمی لێرە چەن ناسک و دڵگیر ئەوینی دڵداری پیاوێک بۆ مەعشووقی ئەخاتە ڕوو و دەفەرموێ: دڵدار ئەڕواتە بەر دەرگای خۆشەویستەکەی و دای لە دەرگای ماڵەکەی، ئەویندار لەناو ماڵەوە وتی لێدەری دەرگا کێیە؟ دڵدار وتی: ئایا نازانی کێم؟ منم عاشقە غەمبار و چاو پڕ لە فرمێسکەکەت، دەرگام لێکەوە هەناسەی ژیانم! ئەویندار لەوێدا ڕانەما بەو وتانەی پیاوی دڵدار و وتی: بڕۆ دوور کەوە ئێستا کاتی سەردان نییە. دڵدار بە دڵێکی پڕ لە تاسە و سۆ دوور کەوتەوە، ئێش و ئازاری دووری ئەویندار ماوەیەکی زۆر ناخی شەڵەژاند بەجۆرێک وەک: مۆمێک سووتا و سیس بوو، دوای تێپەڕبوونی ڕۆژانێکی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دوری ئەویندار، ئەوجار گەڕایەوە زۆر بە ئەدەبەوە دای لە دەرگا. ئەویندار وتی: لێدەری دەرگای کێیە؟ پیاوی عاشق وتی: ئەوەی هەیە و نییە هەر تۆیی جگە لەتۆ هیچ کەسێکی تر بوونی نییە! لەم ساتە جوانەدا ئەویندار وتی: بەڕاستی ناکرێ دوو تاڵە دزوو بەیەکەوە بەچن بەکونی دەرزیدا، چوونکە کونی دەرزی هی یەک تاڵە دەزوویە، کاتێ وتت منم دڵدارە خەمبارەکەت و منیش لەوێدا بووم، ئەمە ئەستەم بوو ڕاگرتنی دووکەس بەیەکەوە؛ ئێستا خۆت و خۆم بووین بەیەک، کەواتە: دڵدار و دڵبەند یەک کەسە فەرموو وەرە ژوورەوە.!
کاتێ باوەڕدار وەک خۆی دەرکی(انا للە) دەکات و چێژ لەم دۆزە وەردەگرێ، ئۆقرەگرتنێک لە گۆڕێ نامێنێ تا هەر لێرە لەم وجوودە تامی(و ٳنا الیه الراجعون) نەکەی بە ئاکام ناگەی.! ئەم دەردە عەجەب شەرابێکە! هەر کەس پەیمانەی لێ پڕ کرد، جگە لەگەڵ تۆبوون(هو معکم اینما کنتم) هیچ ژوانێکی دیی ئارامی پێ نابەخشێ!
مرگ را دانم، ولی تا کوی دوست
راه اگر نزدیکتر داری بگو
(مەولانا جلالدین)
بە درێژایی مێژوو لە ناخی مرۆڤدا ئەشق و خۆبەزلزانی و داخوازی پلەی دونیایی شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەگەر خاوەنی پاشایەتی گەردوونیش بێت هێستا دڵی دەخوازێ ئاخۆ بڵێی شتی تر هەبێ!؟ ئەگەر مرۆڤ لە پیشەی پزیشکی و زانستی و سەرجەم زانیارییەکانی پێشکەوتنی گەردوون ئاستێکی سەرسووڕهێنەر بە خۆیەوە ببینێ، بە هۆکاری نەهاتنە دیی ئامانجی چاوبرسی بوونی مرۆڤ بێگومان ئەوکاتیش ئارام نارگرێ.!
مەخابن! ئەمڕۆ مرۆڤ لە کاتی لێدوان و بڕینی ئەم ڕێگەیە جۆرێک دەمامەکی لەسەر ڕوخسارە و دەرەنجامی ژیانی، تەنیایی دەبێت بە کۆتا حەشارگەی ژیانی مرۆڤی ڕاستگۆ.!
ئەو خۆراکەی کە مرۆڤ لە برسێتی ڕزگار دەکات، نان نییە، بەڵکوو نوورە. نوور، سفرە و خوانی ڕێنموونی و ئەشق و سۆزە؛ مەخابن! بە دەگمەن مرۆڤ دەبینرێ لەسەر سفرە و خوانی نوور.! مەنسووری حەللاج دەڵێ: ئیلاهی...! ئاخۆ کام شوێنی گەردوون دەبێ لە نەبوونی تۆدا خاڵی بێت کە مرۆڤ لە ئاسماندا بەدوای تۆدا ئەگەرێت!؟
هەرچەندی زیاتر دەنگەدەنگ و ژاوەژاو دەکەین، ڕێڕەوی ڕوانین لێڵ و تەم دەکەین. بەڕاستی سەردەمی ئەوە هاتووە کە تارمایی دەروونی خۆمان لە ژەنگ و تەپووتۆزی ڕواڵەتی ناو بیر و هزرمان ڕاماڵین و لەگەڵ جیاوازی بیر و ڕا دەبێ ڕۆچنەی خۆمان بەرەو گەردوون واڵاکەین؛ مەخابن! ئەمڕۆ هەرچی زۆرتر پەڵەقاژێ دەکەین زیاتر ئاوی ناوەوەی خۆمان لێڵ تر دەکەین.
ههندێک جار بۆت نالوێ لە ڕێڕەو و ڕێژوانی ژیان بێ بزبوون بۆ گەیشتن بە ئامانج هەناسەیەکی دڵاوێز بدەی! بێگومان ڕێگای دۆزینەوە، پێویستە؛ بەڵام ڕێگای پیاسەیەکی ئیمانی لە حزووری خوای گەورە لە زەویدا نادۆزرێتەوە و نییە، تەنانەت لە ئاسماندا ناتوانی دەستت کەوێ، بەڵکوو لە بەهەشت و عەرشدا بۆت نالوێ...!؟ بەڵێ، ڕێگای خوای گەورە لەناو دڵ و ناوەی خۆت دەست دەکەوێ هەڵبەت گەر دڵخوازی تاسەی دیداری، «و فی انفسکم» واتە لە نێو خۆتدا.
ئەو کەسانەی تامەزرۆی پیاسەیەک و ڕۆیشتن بەو ئاراستەیەدان و بەدوای خوادا دەگەڕێن، ئەم ڕێبازە تەنیا لەناو خۆیان دەست دەکەوێ، چونکە خوای گەورە لە دڵدایە و دڵ لە ناوەوەی خۆتدا بوونی هەیە.
مامۆستا تەحسین حەمە غەریب لە کتێبی پێغەمبەر ناسی ئاماژە بەم خاڵە ئەکات و دەڵێت: هەموو مرۆڤێکی باوەڕدار دەبێ عرووجی بێت تاکوو بەرزبێتەوە...
بۆچوونهکان